ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خرایەڕوو


نەتەوە  |   15:54:26 2017-10-19  |   (896) جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبونی جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تێیدا پێشوازی لە دوایین دەسپێشخەریی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، بۆ دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرا.
A+    A-

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/10/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆبووەوە.


بەپێی راگەیەندراوێكی دوای كۆبوونەوەكە، سەرەتا ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی كۆچی دوایی مام جەلالەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە قوباد تاڵەبانی كرد، ئەویش بە ناوی خۆی و خانەوادەكەیەوە، سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانی كرد.


لە كۆبوونەوەكەدا ڕووداوەكانی كەركووك و ڕۆژانی دواتر لە ناوچەكانی ماددەی 140 و دۆخی ئێستای كەركووك و ئەو ناوچانە خرایە بەر باس، ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانی بەرگریكردن لە كەركووك كرد و ھیوای زووچاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.


ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، پێشوازی لە دوایین دەسپێشخەریی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، بۆ دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد، لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی شەراكەت و تەوافوق، ئامادەیی خۆیشی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، ھەروەھا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە بۆ دەسپێكردن و بەڕێوەچوونی ئەوگفتوگۆیە لە نێوان ھەولێر و بەغدا، ھاوكاریی ھەردوولا بكەن.


ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران، داوای لە دامودەزگاكانی حكوومەت و ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان كرد بە ھانای خوشك و براكانیان لە خەڵكی خۆڕاگری كەركووك و خورماتووەوە بچن، كە ڕوویان لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان كردووە، سوپاسی خەڵك و دامودەزگاكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیشی كرد كە بە ‌ھانایەوە چوون.


 لە كۆبوونەوەكەدا چۆنیەتی گرتنەبەری ڕێكارەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشھاتەكان و قۆناغی داھاتوو تاوتوێ كرا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە دەبێ بۆ داھاتوو بڕوانین و وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ ھەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، بەڵام بە یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی، وەك چۆن گەلی كوردستان قۆناغە سەختەكانی پێشووی تێپەڕاندووە، ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنێت، جەختی لەوەش كردەوە كە وەك چۆن مێژوو سەلماندوویەتی، ئیرادەی گەلی كوردستان بە چەك و ڕێكاری سەربازی ناشكێت و كێشەكانی عیراق بەو شێوازە چارەسەر نابن.


لە كۆتاییدا ئەنجومەنی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ كۆچی دوایی پەرلەمانتار خوالێخۆشبوو شوان قەڵادزەیی كە لە ڕووداوێكی ھاتوچۆدا گیانی لە دەست دا، پرسە و سەرەخۆشی لە پەرلەمانی كوردستان كرد و خانەوادەی بەڕێزیان كرد.
 

















زۆرترین بینراوەکان