یەكێتیی ناوی پارێزگای نوێی كەركوك ئاشكرا دەكات


نەتەوە  |   14:36:44 2017-10-19  |   (491) جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی‌ یەكێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان ئاشكرایدەكات، "توركیاو ئێران هاوكارییەكی‌ گەورەی‌ حكومەتی‌ عێراقیان كرد بۆ پەلاماردانی‌ كەركوك "، هاوكات ناوی پارێزگاری نوێی كەركوك ئاشكرا دەكات. 
A+    A-

 

لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لەمەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتیی هەولێر سازكرا، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی ڕایگەیاند، "هۆكاری‌ گرژیەكانی‌ ئێستاش ئەوەبوو بەغدا داوایكرد ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام هەڵناوەشێندرێتەوە، هەروەها گفتوگۆ لەنێوان وڵاتانی هەرێمی‌ هەبوو، كە پێشمەرگە لەبیرە نەوتەكانیان بكشێنەوە".


ناوبراو وتیشی:"حكومەتی عێراق مۆڵەتی 48 كاتژمێری بۆ كشانەوەی هێزەكان دانابوو، بەڵام لەكاتی كۆبونەوەكەی دوكان هێزەكانی عێراق نزیكبونەوە لەڕیزی پێشەوە، بەرپرسانی مەیدانی كەركوكیش پێیانوابوو، نابێت كەركوك بەدەردی موسڵ و حەلەب و ڕەققە بڕوات و وێران بكرێت، بۆیە ڕێكەوتنێكیان كرد تاوەكو منداڵی خەڵك بەكوشت نەدرێت و ڕِێگەبدرێت بەو هێزە بێنە ناوەوە".


بەوتەی سەعدی پیرە، "لەم دۆخەدا هەندێك لەكەناڵەكان بەشێوەیەكی بەرنامەداڕێژراو كەوتنە ناوزڕاندنی یەكێتیی لەكەركوك، ئەگەرنا ئەوەی لەكەركوك كرا لەشنگال و مەخموریش كراوە، ئەگەر ئەوەی كەركوك خیانەت بێت ئەوەی شنگال و مەخموریش خیانەتە".


ئاشكراشی دەكات، ئەوان وەكو یەكێتیی ڤیدیۆیان لەلایە كە كێ تەقە لەهاوڵاتیان دەكات، ئەوكەسانەش بەوتەی‌ سەعدی‌ پیرە، "نە داعشن و نە حەشدی شەعبی و نەهیچ هێزێكی ئەمنی، بۆیە ئێستا بەرپرسیارێتی ئەمنیەتی كەركوك دراوەتە خەتابە ڕەش كە پێشمەرگەیەكی دێرینە، ئیدارەی شارەكەش دراوەتە بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك لەگەڵ سەركردەكانی عەرەب و توركمان".


وتەبێژەكەی‌ یەكێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، رزگار عەلی‌ دەبێتە پارێزگاری‌ كەركوك.


جەختیشیكردەوە، حەشدی شەعبی لەكەركوك نییەو هەموو هێزەكانیش كەركوكیان وەكو یەك جیهێشت، "بۆیە پێویست ناكات ناووناتۆرە لەكەس بدۆزرێتەوە، ئەو ناوچانەی ئیدارەی كوردی بون بەدڵنیاییەوە وەك خۆیان دەمێننەوە".


سەعدی‌ ئەحمەد پیرە جەختیكردەوە‌، "ئەگەر سوپای بێگانە لەخانەقین هەیە، لەبامەڕنێ و بەعشیقەش هەیەو لەمەخموریش هەیە، ئێمە بەشێكی فیدراڵین لەوڵاتێكی فیدراڵ تا ئەوكاتەی سەربەخۆیی ڕادەگەیەنین، بۆیە دەمەوێت ئەوە ڕاست بكەمەوە سوپای‌ عیراق بێگانە نییە، ئێران و توركیا بێگانەن".
 

















زۆرترین بینراوەکان