چه‌ند وه‌زاره‌تێك 100% ی مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن


نەتەوە  |   15:25:42 2017-09-22  |   (20,944) جار خوێندراوەتەوە

حكومه‌تی هه‌رێم له ‌ئاماده‌كاریدایه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی سیستمێكی نوێی مووچه‌، به‌گوێره‌ی چەند زانیارییه‌كیش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و ئه‌وانه‌ی له‌ئێستادا(100%)ی مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن، له ‌سیستمه‌كه‌ به‌ده‌ر ده‌كرێن و كه‌مترین مووچه‌ش (300) هه‌زار دینار ده‌بێت.
A+    A-

 

به‌گوێره‌ی چەند زانیارییەک کە تۆڕی هەواڵی سلێمانی لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڵاویکردۆتەوە، تائێستا بژارده‌ی هه‌ره‌ به‌هێز كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ دانانی سیستمی نوێی مووچه‌، "پێدانی مووچه‌ی (بنه‌ڕه‌تی، ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌، هاوسه‌رو منداڵ)ه‌، ئه‌وانه‌شی مووچه‌كه‌یان له‌ (300)هه‌زار دینار كه‌متربێت، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان لێ نابڕێت، به‌وپێیه‌ش كه‌مترین مووچه‌ له ‌سیستمه‌كه‌دا (300) هه‌زار دینار ده‌بێت".

 

هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەو به‌پێی سیستمه‌ نوێیه‌كه‌، هه‌ندێك له ‌وه‌زاره‌ته‌كان (100%)ی مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن، چونكه‌ پێش پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، ته‌نها مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌و هاوسه‌رو منداڵیان وه‌رگرتووه‌.

 

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، "سیستمی نوێی مووچه‌، دادپه‌روه‌ریی زۆری تێدایه‌، چونكه‌ به‌راورد به ‌سیستمی پێشوو، جیاوازیی مووچه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌ته‌كاندا به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌كاته‌وه‌".

 

سه‌باره‌ت به‌و شوێنانه‌ش کە به‌ده‌ر ده‌كرێن له ‌سیستمی نوێی مووچه‌، له ‌زانیارییه‌كاندا ئه‌وە خراوه‌ته‌ڕوو کە ئامانجی سیستمه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا پاشه‌كه‌وتێكی زۆر له ‌مووچه‌كانیان كراوه‌، مووچه‌كانیان بۆ چاكبكرێت.

 

هەروەک له ‌سیستمه‌ نوێیه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ده‌زگای ئاسایش و ئه‌وانه‌ی له ‌ئێستادا (100%)ی مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن، مووچه‌كانیان وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌و ده‌ستكاریی ناكرێت، "به‌ڵام هێزه‌كانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رماڵه‌یه‌كیان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زۆر زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن".

 

هەروەها سەرچاوەکە راشیگه‌یاندووە: تائێستا هیچ بڕیارێك له‌سه‌ر سیستمه‌كه‌ نه‌دراوه‌و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ جێبه‌جێكردنی دیارینه‌كراوه‌، چونكه‌ حكومه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌و بودجه‌یه‌ی له ‌ئه‌نجامی سیستمه‌كه‌وه‌ زیاد ده‌كات، به‌راوردی بكات به ‌داهاتی نه‌وت و ناوخۆ، پاشان بڕیاری له‌سه‌ر بدات.

















زۆرترین بینراوەکان