دایک و باوکى خانمە هونەرمەندێکى کورد دەرمانخوارد کران


نەتەوە  |   22:53:54 2017-01-11  |   (2,835) جار خوێندراوەتەوە

تارا ره‌سوڵ‌، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندى کورد ئاشکرای کرد،‌ له‌لایه‌ن چه‌ند دزێکه‌وه‌ دایکی و باوکی ده‌رمان خوارد کراوه‌ و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک بێ هۆش بوون.
A+    A-

 

تارا ره‌سوڵى‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ هه‌ژماری‌ تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی  فه‌یسبووک نووسیویه‌تی‌، "دوای ئه‌وه‌ی دوو که‌سی نه‌ناسراو به مه‌به‌ستی دزیکردن له شاری سلێمانی چوونه سه‌ر ماڵی باوکم، به‌هۆی پێدانی هه‌ندێ ده‌رمان و مادده‌ی هۆشبه‌ر دایکم و باوکمیان بێ هۆش کردوو و ماڵه‌که‌یان بڕیوه و بڕێک ئاڵتونیشیان دزیوه".

 

تارا ره‌سوڵ‌ باسی لەوەشکردووە، "به‌وهۆیه‌وه‌ باری ته‌ندروستی دایکم و باوکم زۆرخراپ بوو، بۆماوه‌ی چه‌ند رۆژێک له نه‌خۆشخانه‌ی فریاکه‌وتنی شاری سلێمانی به‌ بێ هۆشی مانه‌وه".

 

ئاشکراشیکردووه، "دوای ده‌رچوونیان له چه‌ند کامێرایه‌که‌وه‌  و به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی به‌رده‌وامی هێزه‌کانی پۆلیس و نه‌هێشتنی تاوان و ئاسایشی سلێمانی، توانرا ئه‌و بانده‌ ده‌ستگیر بکرێن که‌ له چه‌ند شوێن و شارێکی تر ئه‌م کارانه‌یان ئه‌نجامداوه".

 

ئه‌مه‌ش له  کاتێکدایه‌ رۆژی سێشەممە 10-1-2017، پۆلیسی سلێمانی ده‌ستگیرکردنی‌ باندێکی دزیکردنی راگه‌یاند که‌ له‌ سێ که‌س پێکهاتوون  و خۆیان وه‌ک یاریده‌ده‌ری پزیشک ناساندووه‌ و ده‌رمانی هۆشبه‌ریان داوه‌ به‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌ ماڵه‌کاندا بوون و تا ئێستا دانیان به‌ هه‌شت تاواندا ناوه‌.


تارا ڕه‌سوڵ له‌ دایکبووی ساڵی 1975ه‌ و  له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌  ده‌ستی به‌ کاری هونه‌ری کردووه‌ خاوه‌نی  چه‌ندین ئه‌لبووم و گۆرانی  کلیپه‌، دوایین کاری هونه‌ری بڵاو کردنه‌وه‌ی کلیپێک بوو بۆ گۆرانی "نه‌سیرن به‌هار"ه‌ی هونه‌رمه‌ندی کۆچکردوو تایه‌ر تۆفیق.

 

 




















زۆرترین بینراوەکان