سەرچاوەیەك: پارتی و یەكێتی لەسەر بەشداری نەكردنی گۆڕان لە حكومەت لێكەوە نزیكن


نەتەوە  |   21:44:07 2017-01-11  |   (1,757) جار خوێندراوەتەوە

بەپێی سەرچاوەیەك یەكێتی و پارتی پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ بە بیچ گۆڕانیان تاوتوێ كردووە و چەند سیناریۆیەكیش لەو بارەوە خراونەتەڕوو، سەركردەیەكی یەكێتیش رەتیدەكاتەوە جیا لەو خاڵانەی لە راگەیەنراوەكەدا باسیان لێكردووە، هیچ پڕۆژەیەك گفتوگۆی لەبارەوە كرابێت.
A+    A-


 

رۆژی چوارشەممە پارتی و یەكێتی لە هەولێر كۆبوونەوە و لەو بارەوە سایتی شارپرێس لە زاری سەرچاوەیەكی پارتیەوە بڵاویكردۆتەوە " لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر سەرۆكایەتیەكی نوێی حكومەت‌و پەرلەمان كردوە كە گۆڕانی تێدا نەبێت".

 

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد كە پارتی مەبەستیەتی حكومەتێك بەم پێكهاتەی ئێستایەوە، بەڵام بە سەرۆكایەتیەكی نوێوە دەست بەكارەكانی بكاتەوەو یەكێتی‌و یەكگرتوو شوێنی وەزیرەكانی گۆڕان پڕ بكەنەوە.

هەروەها بەوتەی سەرچاوەكە پارتی دەیەوێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەوێتە دەست یەكێتی‌و ئەگەر گۆڕان بەپۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت رازی بوو ئەوا پێی دەدرێت‌و ئەگەر رازیش نەبوو ئەوا هەر لای یەكێتی دەمێنێتەوە.

 

هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەكە هەموو هەوڵی پارتی ئەوەیە كە یەكێتی رازی بكات گۆڕان لەو پێكهاتە تازەیەی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەماندا نەبێت، یەكێتی پێی باش بووە گۆڕان بەشداری حكومەت بكرێت‌و هاوكات لەئەگەری رازی نەبوونی گۆڕانیش هەردوولا حكومەت پێكبهێننەوە.


لە بەرامبەردا سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سایتی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: "لەكۆبونەوەمان لەگەڵ پارتی وەك یەكێتی ھیچ پرۆژەیەكمان پێشكەش نەكردوون، تەنھا گفتوگۆمان لەسەر ئەو خاڵانە كرد كە بەراگەیەندراوێك بڵاوكراوەتەوە".


جێی باسە دوای كۆبوونەوەكەی رۆژی چوارشەممە، پارتی و یەكێتی لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان لەشەش خاڵدا ئاشكراكرد و رایانگەیاند كەدانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆچارەسەریی كێشە بنەڕەتییەكانی ھەرێمی كوردستان لەپێش ھەموویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێكراوە.
 


















زۆرترین بینراوەکان