عەلی حەمە ساڵح: پارتی پلانی داڕوخانی ناوچەی سلێمانی هەیە


نەتەوە  |   20:26:40 2017-01-11  |   (3,778) جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێكی گۆڕان باس لەوەدەكات پارتی دیموكراتی كوردستان پلانی كۆنتڕۆڵكردنی كوردستان و سزادانی بەشێكی كوردستانی هەیە.
A+    A-

 

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە میانی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی رایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان، پلانی كۆنتڕۆڵكردنی كوردستان بە شێوەیەكی خراپ و سزادانی بەشێك لە كوردستان بە شێوەیەكی خراپتری هەیە.


رونیشیكردەوە، لەو سنورەی كە گوایە پارتی تیایدا حكومڕان نییە، دوو ساڵی ئایندە بۆ خەڵكەكەی دەبێت بە دۆزەخ، نمونەشی هێنایەوە بەوەی كێڵگەی نەوتی تەقتەق وشك دەبێت، بەڵام كێڵگە نەوتیەكانی ژێردەستی پارتی بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوتێكی زۆر.


باسی لەوەشكرد، لەم ناوچەیە رێگەنادرێت، كە غاز بەرهەمبهێنرێت، كە بەرهەم بهاتایە نەكێشەی كارەبا هەبوو، نەبوو كێشەی سوتەمەنی.


هەروەك پێشیوایە، پارتی پلانی مایەبەپوچ كردنی كۆمپانیاكانی ئەم ناوچەیە هەیە، بۆئەوەی یان بگوازرێنەوە بۆ سنوری هەولێر، یان هەڵیاندەوێشێنێتەوە و وردە وردە ئەم ناوچەیە دادەڕوخێنێت.


عەلی حەمە ساڵح، نمونەیەكیشی بەوە هێنایەوە كە 100% ی كارەبای هەرێم لەناوچەی سلێمانی و دەوروبەری بەرهەمدێت، بەڵام تەنها 34% كارەبا بۆ ئەو ناوچەیە دەبێت.


پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، جەختیشی كردەوە، كە پارتی دەیەوێت ئەم ناوچەیە دابڕوخێنێت بۆ ئەوەی چاو لەدەستی بن، هەر لەو چوارچێوەشدا پرسیاری ئەوەی لە بنكەی جەماوەری یەكێتی كرد، كە ئایا قبوڵیانە و رازین بەوەی ئەم ناوچەیە بكرێتە قوربانی.
 




















زۆرترین بینراوەکان