ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ ئەم دامودەزگایانە دابیندەکرێت


نەتەوە  |   18:59:13 2017-01-11  |   (1,027) جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەیان ئینتەرنێتی بێ بەرامبەری بۆ دام و دەزگا میرییەکانی پارێزگای هەڵەبجە بەبێ بەرامبەر دابینکردووە.
A+    A-

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشکرایکرد،  "ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ زیاتر لە ٥٠ دام و دەزگای حکومی لە پارێزگای هەڵەبجە دابینکراوە و لەماوەیەکی نزیکدا ئینتەرنێتێکی نوێ بەناوی فایبەر ئۆپتیک (FTTH) کە ئینتەرنێتی بێسنورەو هەرسێ (تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و تەلەفۆن)دەگرێتەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان بەکاردەخرێن".


مەولود باوە موراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، "لەئێستادا ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک (FTTH) کە ئینتەرنێتی بێسنورە و چاودێری دەکرێت لەپارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەرکارە و لەوڕێیەوە باشترین خزمەتی هاوڵاتیان دەکەین لەو خزمەتگوزاریە تا زۆرترین سوودی لێ ببینن بەنرخێکی گونجاو لە ئاست نرخە نێودەوڵەتیەکان".


هاوکات ئاشکراشی کردووه، "لەسەرەتای بەپارێزگابوونی شاری هەڵەبجەوە بڕیاماندا بەوەی جگە لە بڕیاری کردنەوەی بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکانی وەک (بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەو پۆستەو گەیاندن و کەشناسی) ئەوپەڕی تواناو خزمەتەکانمان بخەینەگەڕ تا لەڕێگای وەزارەتەکەمانەوە باشترین و زۆرترین خزمەتگوزاری بەو شارە بکەین و بۆ ئەم مەبەستەش بۆ زیاتر لە ٥٠ فەرمانگەو دام و دەزگای حکومی ئینتەرنێتی بێبەرامبەرمان بۆ دابین کردن بەرێگای تۆڕی ئینتەرنێتی میریەوە".


لەدواهەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پرۆژەی تەندەری ڕاستەوخۆ بۆ قەزاو ناحیەکانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کە پرۆژەی فایبەر ئۆپتیک (FTTH)ی ئینتەرنێتی بێسنورە و پرۆژەکە بڕیاری لەسەر درا کە بخرێتە کێبڕکێی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت.

 


















زۆرترین بینراوەکان