‌زیندانییه‌ك لەئێران بە مۆڵه‌تێکی کاتی چووه‌ ده‌ره‌وه‌، پێنج كه‌سی كوشت


نەتەوە  |   16:07:08 2017-01-11  |   (1,369) جار خوێندراوەتەوە

زیندانییه‌ك  لەیەکێک لە زیندانەکانی ئێران مۆڵه‌تێکی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت پێدرا تا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان، کەچی لەدەرەوەی زیندان پێنج كه‌سی دایه‌ به‌ر گولـله‌و كوشتنی.
A+    A-


به‌پێی هەواڵێکی ته‌له‌فزیۆنی ئێران، رووداوه‌كه‌ له‌شاری ئاراك-ی ناوه‌ڕاستی ئێراندا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی كانونی دووه‌می 2017 روویداوه‌.

 

به‌وته‌ی پۆلیسی ئەو وڵاتە ده‌ستگیركراوه‌كه‌ به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام كه‌ مۆڵه‌تێكی كورتی بۆ بینینی خانه‌واده‌كه‌ی پێدرابوو، خۆی‌و براكه‌ی له‌دوو ناوچه‌ی جیاوازی شاری ئاراك هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر دوو خێزان، پۆلیسش گومانی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و ده‌ستگیركراوه‌ وه‌ك كارێكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ په‌نا بۆ به‌كارهێنانی چه‌ك‌و كوشتنی ئه‌و پێنج كه‌سه‌ بردبێت.

 

میدیاكان باسیان له‌ ناسنامه‌ی زیندانییه‌كه‌ نه‌كردووه‌و ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ جگه ‌له‌كوژرانی ئه‌و پێنج كه‌سه‌، چواری دیكه‌ش له‌ رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌دا برینداربوون‌و پۆلیسیش یه‌كێك له‌و دوو برایه‌ی ده‌ستگیركردووه‌، به‌ڵام نازانرێت ئه‌وه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست پۆلیس، زیندانییه‌كه‌یه‌ یان براكه‌یەتی.

 

ده‌ستدڕێژی گولـه‌و به‌كارهێنانی چه‌ك رووداوێكی ده‌گمه‌نه‌ له‌ ئێراندا، هاووڵاتیان ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ تفه‌نگی راوكردن به‌كاربهێنن.

 

ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ له‌ ئێران رووداوی له‌وجۆره‌ رووده‌دات، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می رابردووشدا هاووڵاتییه‌كی ئێرانی 10 كه‌سی له‌ خزم و دۆستی خۆی له‌ ناوچه‌یه‌كی گوندنشینی دووره‌ ده‌ست له‌ باشووری ئێران كوشت.


















زۆرترین بینراوەکان