ئەمریكا داوا دەكات هەرێمیش لە قەرزەكانی عێراق سودمەند بێت


نەتەوە  |   11:45:02 2017-01-11  |   (2,776) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختلەوەدەكاتەوە، دەبێت تەواوی هاوڵاتیانی عێراق لەو قەرزە سیادییەی دەدرێتە ئەو وڵاتەكە سودمەندببن، بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیشەوە، هاوكات ئاماژە بەوەش دەكات، گفتوگۆكانی تایبەت بە بودجە لەنێوان بەغدا و هەرێم بابەتێكی ناوخۆیە.
A+    A-

 

مارك تۆنەر، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو رێككەوتنەی رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وڵاتەكەی تایبەت بە گرەنتی قەرزی بە بڕی یەك ملیارد دۆلار لەگەڵ عێراق واژۆكرد، رایگەیاند،"ئەم رێككەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی كە حكومەتی عێراق ئاسانتر بتوانێت لە بانكە نێودەوڵەتییەكان قەرزوەربگرێت، نەك ئەوەی كە ئەمریكا بڕی ملیارێك دۆلار قەرزی دابێتە عێراق". 


ئاماژەی بەوەشكرد، باوەڕیان وایە ڕێككەوتنەكە و گرەنتی قەرزی سیادی، سودی بۆ تەواوی عێراقییەكان بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیشەوە دەبێت.


مارك تۆنەر سەبارەت بەوەی ئەگەر حكومەتی عێراق پشكی شایستەی هەرێم لەو قەرزە سیادییە نەدات، ئایا بیریان لە گرەنتیكردنی قەرزێكی هاوشێوەی ئەوەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، وتی "پێموانییە ئێستا لەو خاڵەدا بین"، وتیشی: چاوەڕوان دەكەین كە ئەو ناكۆكیانە لە ناوخۆدا چارەسەربكرێن.


ئەوەشی خستەڕوو " ئەمە قەرزەو باوەڕمانوایە كە دەبێت ئەم پارەیە لەنێوان تەواوی عێراقییەكاندا بەشبكرێت و بەردەستبێت بۆ هەمووان، كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە".


جەختیشیكۆدەوە، گفتوگۆكانی تایبەت بە بودجە لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بابەتێكی ناوخۆی عێراقییە و پێویستە خۆیان لەبارەیەوە گفتوگۆ بكەن.
 


















زۆرترین بینراوەکان