سەرۆك كۆماری پێشوتری ئێران كۆچی دوایی كرد


نەتەوە  |   19:39:38 2017-01-08  |   (842) جار خوێندراوەتەوە

ئەكبەری هاشمی رەفسەنجانی سەرۆك كۆماری پێشوتری ئێران بە هۆی نەخۆشی دڵەوە كۆچی دوایی كرد.
A+    A-

 

سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران بڵاویكردۆتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە رەفسەنجانی، كە سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریی كردنی بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە بوو، لەتەمەنی 82 ساڵیدا گیانی لەدەستداوە.

 

شایانی ئاماژەیە رەفسنجانی لەساڵی ١٩٣٤ لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی شاری کرمان-ی باشووری خۆرهەڵاتی ئێران لەدایک بووەو لە ساڵی 1961ەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە.

 

 یەکێک بووە لە لایەنگرە سەرسەختەکانی خومەینی‌و لەماوەی سەردەمی محەمەد رەزاشا دا 7جار لەلایەن ساواکەوە دەستگیرکراوەو بەهەمووی 4 ساڵ‌و پێنج مانگ لە زینداندا بووە.

 

 لەدوای سەرکەوتنی گەلانی ئێرانەوە لە 12ی شوباتی 1979وە چەندین بەرپرسیارێتیی گرتۆتە ئەستۆ، لەوانە وەزیری ناوخۆی یەکەم کابینەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئەو وڵاتە.

 

لەماوەی ساڵانی 1980- 1989 دوو خول لەسەریەک سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووەو دوای ئەوەش سەرپەرشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەی کردووە.

 

لە ساڵی 1989 تا ساڵی 1997-یش بۆ دووخولی لەسەر یەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بووە.

 

لەوکاتەشەوە هەتا مردنی سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم بوو لەو وڵاتەو یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بەدرێژایی سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیهێشتووە شەریعەتی ئیسلامی بەشێوەیەکی رەها بسەپێنرێت‌.

 

هەروەک یەکێکیش بووە لەوانەی پشتگیریی لە کارکردنی ژنان کردووە لە کایە کۆمەڵایەتی‌و سیاسییەکانداو زیاتر وەک کەسایەتییەکی ریفۆرمخواز بانگەشەی بۆ خۆی دەکرد.

















زۆرترین بینراوەکان