داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەغداد راگەیاند


نەتەوە  |   14:29:24 2017-01-08  |   (401) جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی بازاڕێکی گەڕەکی جەمیلەی بەغدا دەربڕی و لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە کۆبوونەوەیەکی شیعەکانی لە خۆرهەڵاتی بەغدا کردووەتە ئامانج.
A+    A-

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 8-1-2017، ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی بازاڕێکی گەڕەکی جەمیلەی بەغدا دەربڕی و لە بەیاننامەیەکدا لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە کۆبوونەوەیەکی شیعەکانی لە خۆرهەڵاتی بەغدا کردووەتە ئامانج.


سەرچاوەکانی پۆلیس و تەندروستی عێراق بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوەی ئوتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە بازاڕکی سەوزە و میوەی گەڕەکی جەمیلەی خۆرهەڵاتی بەغدا كە کەسێکی خۆکوژی تێدا بووە، بەهۆیەوە ١٣ کەس کوژران و ٥٠ بریندار بوون.


سەرچاوەیەکی پۆلیسی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هێرشبەرەکە ئوتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکەی بەئاراستەی ئەو گەڕەکە بردووە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعە مەزهەبن و لە دەروازەی گەڕەکەکە تەقاندوویەتییەوە، لەو کاتەدا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستدرێژی گولەیان لێکردووە.


 ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی زۆربەی هێرشەکانی بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراقی لە ئەستۆگرتووە، بە تایبەت  کە لە ئێستادا بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی موسڵ و خۆرئاوای ئەنبارەوە فشارێکی گەورەی لەسەرە و بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێردەستی لە دەستداوە.

 


















زۆرترین بینراوەکان