كاریگەری هەوكردنی كۆ ئەندامی میزو میزەڕۆ لەسەر خانمانی دووگیان


نەتەوە  |   23:19:49 2016-12-28  |   (1,279) جار خوێندراوەتەوە

ئەوخانمانەی كە دووگیانن ڕێژەیەكی زۆریان تووشی هەوكردنی كۆئەندامی میزومیزەڕۆ ئەبن و ئەمەش مەترسی گەورە لە سەر تەندروستی خۆیان و كۆرپەكەیان دادەنێت.
A+    A-

 

لەبارەی كاریگەرییەكانی وەها حاڵەتێكەوە د. كاوەفەقێ ڕەحیم پسپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی میزو میزەڕۆ، بە سایتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راگەیاندووە:"چەند هۆكارێكی هەیە ئەو حاڵەتە، بۆنمونە هۆرمۆنی مێینە لەكاتی دووگیانیدا زۆر زیاد دەكات و لەگەڵ هەندێك هۆرمۆنی دیكە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە كۆئەندامی میزومیزەڕۆی خانمەكە فراوان بێت و كەمێك سست بێت بەتایبەتیش بۆری گورچیلە لەگەڵ حەوزی گورچیلە چالاكی كەمتر ئەبێتەوە".


وتیشی:"هەروەها لەبەرئەوەی كەمنداڵدان فشار دەخاتە سەر بۆری گورچیلەكان هەڵئاوسانێكی سروشتی لەگورچیلەكەدا ڕووئەدات، هەموو ئەمانە ئەبێتە هۆی ئەوەی كە میز زیاتر بمێنێتەوە لەسیستەمی میزومیزەڕۆی خانمە دووگیانەكەدا، ئەمەش لەزانستی پزیشكیدا دەركەوتووە كە لە هەرشوێنێكدا پەنگخواردنەوە ڕووبدات زیاتر ئامادەگی هەیە بۆئەوەی كە بەكتریا بگاتە ئەو شوێنەو گەشە بكات و هەوكردنەكە دروست بكات، بۆیە ئێمە زۆرجار ئەگەر نەخۆشێك كەڵچەری میزی بۆ بكەین و پۆزەتیف بێت و هیچ نیشانەیەكی هەوكردنی نەبێت لەكەسێكی گەورەو لە حاڵەتی ئاساییدا ئەمە پێویست ناكات عیلاج بكرێت، بەڵام لەكاتی دووگیانیدا  ئەگەر نەخۆشەكە هیچ نیشانەیەكیشی نەبێت بەڵام پشكنینی میزەكەی دەریبخات كە ئەم نەخۆشە هەوكردنی هەیە پێویستە چارەسەر بكرێت".


د.كاوە فەقێ جەختیشیكردەوە، دەركەوتووە و لێكۆڵینەوە كراوە كە (10%)ی ئەو خانمە دووگیانانەی كەبەكتریا لەمیزەكەیاندا هەیە ئەگەر بێت و چارەسەر نەكرێن تووشی هەوكردنی گورچیلە دەبن لەداهاتوویەكی نزیكدا، لەبەر ئەوە پێویستە زۆر ئاگاداری بین بەتایبەت بۆ خانمانی دووگیان، چونكە ئەگەر ڕێژەی هەوكردنی كۆئەندامی میزومیزەڕۆی نەخۆشەكە بەشی سەرەوەی كۆئەندامی میزومیزەڕۆ بێت و لەگەڵیشیدا هەوكردنی گورچیلە و گیرانی گورچیلەی هەبێت، ئەمە ئەگەری زۆرە هەوركردنەكە بڵاوبێتەوە بەناو جەستەی نەخۆشەكەدا و وادەكات كە دایكەكە زوو ژانی منداڵبوون بیگرێت و  منداڵەكەی بە (نابەكام)ی لەدایك ببێت و ئەگەریشی هەیە مەترسی لەسەر ژیانی دایكەكەو كۆرپەكەش دروست بكات.
 


















زۆرترین بینراوەکان