نەستەلە خان بۆ نەتەوە دەدوێت


نەتەوە  |   20:34:49 2015-11-04  |   (5,382) جار خوێندراوەتەوە

loading...
"من بە پێی خۆم رۆیشتم بۆ بەرنامەکە و بۆ دەربڕینی بیرو بۆچوونی خۆم رۆیشتم، بەڵام ئەوان تەنها بەشێک لە وتەکانی منیان بڵاوکردەوە و بەکاریان هێنام لە هەژمارەکەی فەیسبووکیان".
A+    A-

ماوەیەک لەمەو پێش، کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ کە خوێندکاری زانکۆیە لە بەشی دەرمانسازی، بەهۆی وتەکانى لە کەناڵی رووداو، موشتومڕێکی زۆرى لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکان دروستکرد و بەو هۆیەوە درایە بەر توانج.

 

لە میانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى "لەگەڵ ڕەنج" ی کەناڵى "ڕووداو"، ئەم خانمە ئاماژەى دابوو بەوەى، گەنجانى کورد بە نەستەلە بەخێو کراون و سەربازییان نەبینیوە.

 

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ نەتەوە، ئەم خانمە ڕاستى بابەتە دەخاتە ڕوو.

لەسەر وتەکانى لە کەناڵى ڕووداو، ئەم خانمە وتى، ڕووى دەمى لە هەموو کوڕێک نەبووە بەتایبەت لە کوڕى هەژار و کەمدەرامەت. بەئاگایە لەو نەهامەتیانەى گەنجانى کورد ڕۆژانە دەیچێژن.

ئەم خانمە لەگەڵ ئەوەدا نییە گەنجى کورد وڵات جێبهێڵن و ڕێگە بدەن گەندەڵى بەردەوام بێت، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەن گۆڕانکارى بکەن و چاکسازى لە دۆخەکەدا بکەن.

 

ناوبراو باس لەوە دەکات، چەند کوڕى هەژار وێنەى جزدانە خاڵیەکانیان بۆ ناردووە، ئەوەش خەمبارى دەکات، چونکە خۆشی کچى خێزانێکى دەوڵەمەند نییە. 

ئەم خانمە لەم بابەتەدا، کەناڵى ڕووداو بە تاوانبار دەزانێت بەوپێیەى بەمەبەست بەشێک لە وتەکانیان هەڵبژاردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاویانکردۆتەوە و بەو هۆیەشەوە سەدان کۆمێنت و وتەى ناشیرینی بۆ نێردراوە.

 

ئەم خانمە دەڵێت "من بە پێی خۆم رۆیشتم بۆ بەرنامەکە و بۆ دەربڕینی بیرو بۆچوونی خۆم رۆیشتم، بەڵام ئەوان تەنها بەشێک لە وتەکانی منیان بڵاوکردەوە و بەکاریان هێنام لە هەژمارەکەی فەیسبووکیان".

ئەم خانمە نەیشاردەوە، ماوەیەکی زۆر نیگەران بوو لە دوای پەخشکردنی بەرنامەکە و خەڵکی تیر و توانجێکی زۆریان لێدەدا. بەتایبەتیش لە زانکۆ و پەیمانگاکان کە مەڵبەندی زانست و زانیارین.

باس لەوە دەکات کە خێزانەکەی بە تایبەت دایک و باوکی زۆر پشتگیریان کردووە و هەڵوێستێکی جوانیان هەبوو لەگەڵی. ئەوەشی خستە روو، باوکی پێیوانیە کچەکەی هیچ شتێکی هەڵەی وتبێت.

 

وەک خۆی باسی دەکات، تا ماوەیەکی زۆریش خەڵکی لە شوێنە گشتیەکان توانجیان لێ دەدا و نیگەرانیان دەکرد بە جۆرێک کار گەیشتە ئەوەى خۆی دەشاردەوە و کڵاوى دەکردە سەری بۆئەوەى نەناسرێتەوە.

وەک ئەم خانمە دەڵێت "من هیچ کارێکی هەڵەم نەکردووە تەنها بیر و رای خۆمم دەربریوە لەسەر کەناڵێکی ئاسمانی کە ئەمەش مافی خۆمە".

 

ناوبراو ئاماژەى بەوەش دا، لەدواى بڵاوبوونەوەى وتەکانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، چەندەها کەس ڤیدیۆی گاڵتەجاڕییان بڵاوکردەوە و بەهۆیەوە ناوبانگیان بۆ خۆیان پەیدا کرد.

 

ئەم خانمە لەگەڵ جێبەجێکردنى ئەرکى خوێندکاریدا، سەرقاڵى کارکردنە و خۆی بژێوى ژیانى پەیدا دەکات. ناوبراو لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکدا کارى کردووە و بەشدارى چەندین کارى خێرخوازى کردووە.





loading...











زۆرترین بینراوەکان