پارێزگارى سلێمانى وەڵامى بەرپرسێکى پارتى دایەوە


نەتەوە  |   16:37:39 2015-11-04  |   (416) جار خوێندراوەتەوە

loading...
"دەستڕۆیشتوویی بریتی نیە لە داخستنى کەناڵەکان."
A+    A-

پارێزگارى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، شارى سلێمانى جێگەى هەموو جۆرە میدیایەکى تێدا دەبێتەوە و جێگاى شانازیشە بۆ ئەو پارێزگایە کە لە سنورەکەیدا پێشێلکارى بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان تۆمار نەکراوە.

 

ئاسۆ فەرەیدون پارێزگارى سلێمانى، لە پەڕەى تایبەتى خۆی لە فەیسبووک نوسینێکى بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ئاماژە دەدات بەوەى "شانازییە بۆ حکومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی، بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی داکۆکی لەئازادی ڕۆژنامەنووسانی و مافی ڕۆژنامەنووسان، هیچ ڕووداوێکی دژ بە رۆژنامەنوسان لە پارێزگاکەماندا تۆمار نەکراوە".

 

لە بەشێکى ترى نووسینەکەیدا، فەرەیدون دەڵێت "ڕەخنەی ئەو لێدوانە سەرپێییانە دەکەین کە پێی وایە (حکومەت دەستی بەسەر سلێمانیدا ناڕوات بۆیە ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنیانە داناخات) کە لە دیدی بەڕێزیانەوە دەبێت دابخرێن. بەڕێزیشیان دڵنیا دەکەینەوە کە حکومەت لە سلێمانی دا، تا ئەوپەڕی ئەرک و مەبەست لە حکومەتداری دەستڕۆیشتووە. پارێزەر و داکۆکیکارە لەماف و ئازادی ڕۆژنامەگەری".

 

پارێزگارى سلێمانى هەروەها نوسیوێتى "پێمانوایە دەستڕۆیشتوویی حکومەت لەسلێمانیدا بەو جۆرە سەلمێنراوە کە هەموو جۆرە میدیایەکی حیزبی و سیاسی و ئەهلی و حکومی وەک یەک ، بەبێ جیاوازیکردن تیادا جێی دەبێتەوە".

 

نووسینەکەى پارێزگاى سلێمانى دواى وتەکانى سەرۆ قادرى کادیری ڕاگەیاندنى پارتى دیموکراتى کوردستان دێت کە لە میانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەیەکى کەناڵى "ئێن ئاڕ تی"دا ڕایگەیاند، داخستنى کەناڵى "ئێن ئاڕ تى" لە هەولێر کارێکى باش بوو و بووە هۆی هێورکردنەوەى دۆخەکە. ئەگەر حکومەت دەسەڵاتى بەسەر سلێمانیدا هەبوایە، دەبوو "ئێن ئاڕ تى" دابخرایە و بدرایەتە دادگا.





loading...











زۆرترین بینراوەکان